ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ کەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو کەم دەکات

وشکبونی دەریاچەکە خوێبارینی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە

وشکبون و دەرکەوتنی خوێ لە دەریاچەی ورمێ

2 ساڵ لەمەوپێش



ئاوی دەریاچەی ورمێ بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت ئەگەری بون بە زۆنگاوی ئەو دەریاچەیە و وشکبونی هەیە.

بە پێی وێنەکانی مانگی دەستکرد لە دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتوە ئاستی ئاوی ئەو دەریاچەیە بۆ کەمترین ئاستی 60 ساڵی رابردو کەمی کردوە.

لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە ئەمساڵ کەمترین بڕی ئاو لە ساڵی 1964 تا ئێستا رژاوەتە دەریاچەکەوە و سەرەڕای ئەوەی حکومەت بانگەشەی ئەوەی کردوە بە چەند پڕۆژەیەک ئاوی لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئەو دەریاچەیە گواستوەتەوە.

عیسی کەلانتەری، بەرپرسی پێشوی پارێزگاری لە ژینگەی ئێران و بەڕێوبەری جێبەجێکاری بوژاندەوەی دەریاچەی ورمێ بە رۆژنامەی (ئیعتیماد)ی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆر تا کۆتایی وەرزی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەکە بە تەواویی وشک دەبێت.

بە وتەی کەلانتەری لە ئەگەری وشکبونی دەریاچەکە زیاترین مەترسیی روبەڕوی دانیشتوانی پارێزگای ورمێ و تەبرێز دەبێتەوە چونکە خوێی ئەو دەریاچەیە لە شێوەی خۆڵبارین بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش مەترسیدارە.

بڵاوبونەوەی ئەو توێژینەوەیە لە کاتێکدایە پێشتری محەمەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی ئێستای دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندبو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی کانی سێو بە بودجەی (150) ملیارد تمەن لە رابردودا کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێکراوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (18) مانگ کات هەبوە بۆ تەواوبونی.

ئێران گواستنەوەی ئاوی لە بەنداوی کانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا ناوبردوە لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆکارێک بۆ وشکبونی سەرچاوەکانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت کە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار