لە رۆژێکدا سێ کورد بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دران
لە ئەمساڵدا 395 کەس لە رۆژهەڵات و ئێران لەسێدارە دراون

خۆپیشاندان دژی سزای سێدارە لە ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
لە رۆژێکدا زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دەدرێن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای دەکەن سێ کەسیان کورد بون.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممەدا سێ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون و تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان خراوەتە پاڵیان.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوڵاتییەکی شاری سەردەشت بە ناوی سەنگەر خزری کە دوو ساڵ بوە بە تۆمەتی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان زیندانیی کراوە، ئەمڕۆ لە زیندانی شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ لەسێدارە دراوە.
هاوکات دوو گەنجی خەڵکی کەنگاور لە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی موحسین یاقوتی و حەمزە فەرۆخی لە زیندانی شاری هەمەدان لەسێدارە دراون کە تۆمەتی ئەو دوو کەسەش بازرگانی بوە بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو ساڵ بوە لە زیندان بون.
لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە تەنها ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە پێنج کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراو ن و بەوەش لە شەش مانگ و 17 رۆژی ئەمساڵدا 395 کەس لەسێدارە دراون.
