بزووتنەوەی گۆڕان: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ یەک لیستیداین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆبونەوەى هەردوو شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان تایبەت بە پرسى هەڵبژاردنەکان لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەکە کۆتاییهات.
ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد. دوای کۆبوونەوەیان عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان گوتی، "گفتوگۆمان لەبارەی هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوانمان و پێکەوەبوونمان لە حکومەت.
وتیشی، " باس لە هەڵبژاردنی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش کرا و بە دڵنیاییەوە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی باڵاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت."
ئەم سەردانەی شاندی پارتی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە شاندێکی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی کرد.
هەروەها هەر ئەمڕۆش شاندێکی یەکێتی لە هەولێر سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کردو ڕایگەیاند "داوامانكردوە، هەمو کێشەکان بەلاوە بنێین و لە مەسەلەی کەرکوک بەیەکەوە بین".
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە.
هەروەها دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوە ڕایگەیاند، "لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی باشکردنەوە و بەهێزکردنەوەى پێگەى کورد لە بەغداد کران".
وتیشی، "وتى:" ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان داوامان ئەوەیە خاڵە هاوبەشەکان بدۆزینەوە و خاڵە ناکۆکەکان وەلا بنێین و بگەینە سیغەیەکى نوێ لەسەر بنەماى ستراتیژێکى سیاسى نیشتیمانى کوردستانى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ خۆ ئامادەکردن لەژێر چەترى یەک وتارى کوردى و بۆ دروستکردنى یەک لیستى."
هاوکات پەیوەست بە کۆبونەوەکانى نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەتایبەت لەنێوان پارتى و یەکێتى، عەلى حسێن وتى: لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆچونى جیاوازمان هەیە، بەڵام خاڵى هاوبەشیشمان هەیە.
