پرۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس پەسەند کرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاردرا بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ڕژێمی عێراق كە تایبەتە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک، پاشانیش رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

ئەمڕۆ  سێشەممە، 18ی تەمووزی 2023، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، "هەواڵی خۆشم بۆ كەركوكیەكان پێیە، بەكۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پەسەندكرا كە تایبەتە بەزەویە داگیركراوەكانی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری  و پێدانی بەعەرەبی هاوردە."

وتیشی،  "ئەم پڕۆژەیاسایە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە 9 بڕیارن و لە دوای ساڵی 1976ـەوە دەرکراون و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی کەرکووکیان پێ داگیرکراوە".

وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەیاساکە پێشتر لەلایەن هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە خراوەتە بەرنامەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و گفتوگۆی زۆریان لەسەر کردووە تاوەکو ئەمڕۆ پەسندیان کردووە.

باسی لەوەشكرد، پڕۆژەیاساكە لەئەمڕۆوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن، ئەمەش هەواڵێكی گرنگە بۆ كورد و توركمانەكانی كەركوك و دژی هیچ لایەن و پێكهاتەیەكی دیكەش نیە، داواكاریشین لەپەرلەمانتاران لەماوەیەكی كەمدا پەسەندی بكەن، تا بخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە.

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی وەزیری داد دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو، لەبارەی باسکردن لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، خالید شوانی گوتی، هیچ باسێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا.

جێگەیباسە، ئەمڕۆ نزیکەی 50 رۆژە جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک خۆپێشاندان دەکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەکەن، کە بەو بڕیارە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان داگیر کرا.

لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتی سەدام حسێن سەرۆكی ڕژێمی عێراق هەر لە 17ی (تەمموز/7)ی 1968 تاوەكو 9ی (نیسان/4)ی 2003 چەندین مەرسومی کۆماری و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە لەلایەن ئەو ڕژێمەوە دەرچون، بۆ گۆڕینی سنوری ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستان

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار