کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: دیاریکردنی وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئاسان نییە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدەن، دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی کەم لە هاوڵاتیان تۆماری دەنگدانیان نوێکردوەتەوە".
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 18ـی ته‌ممووزی 2023) عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، وێراى جەختکردنەوەى لەوەى کە سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن. ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببەن.
سەبارەت بەو نوسراوەى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەدەستیان گەیشتووە، عیماد جه‌میل، وتی، نوسراوەکە ده‌خرێته به‌رنامه‌ی دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی میكانیزمه‌كانی كاركردن و رێككاره‌كانی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه له كاتی خۆیدا ورده‌كارییه‌كانی راده‌گه‌یه‌ندرێت.
جەختی لەوەشکردەوە کە،"قورسە لە ئێستادا وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیارى بکەین."
سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕاشیگەیاند ،" لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک 173 بنکەى تۆمارکردنمان کردووەتەوە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان رێژەیەکى کەمى دەنگدەران تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە.
وتیشی، جگه له هه‌ینی و شه‌ممه و رۆژانی پشوو، رۆژانه له كاتژمێر 8ـی به‌یانی تاوه‌كو 3ـی ئێواره كراوه‌ن و پێشوازی له هاووڵاتییان ده‌كرێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، تا ئێستا رێژه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته 1500 ده‌نگده‌ر، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، میكانیزمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جیاوازه، به‌شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی ده‌نگده‌ران بریتییه له سێ ملیۆن و 614 كه‌س، كه 566 ده‌نگده‌ر پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ده‌یانگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی بایۆمه‌ترییه‌وه نابێت، به‌ڵكو له رێگه‌ی په‌ڕاوی كاغه‌زییه‌وه ده‌بێت.
عیماد جه‌میل ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له رووی هونه‌ری و كارگێڕییه‌وه ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كراوه، گوتیشی، چه‌ندین ناوه‌ندی سه‌ر به كۆمیسیۆنی فیدڕاڵی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه له‌لایه‌ن 1500 كارمه‌ندی سه‌ر به كۆمیسیۆن به‌ڕێوه‌ده‌بردرێن.
