بەرێوبەری دارستانی سلێمانی: ئەمساڵ پێنج هەزار دۆنم زەوی سوتاوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ڕایگەیاند، تەنیا ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون.
هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی دارستانە دەستکردەکان دەبێتەوە، نەبوونی پاسەوانە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆرینەی لەو وەرزەدا دەبێت.
وتیشی، " ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، لەسەر سووتاندنی دارستانەکانیش زیاتر لە ١٠ کەس دەستگیر کراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە."
هاوکار جەلال دەڵێت، "نەمامگەکانی ئێمە ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار نەمام بەرهەم دەهێنن، ئێستاش پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نەمام لە مانگی ١١ـی ئەمساڵ، بەشێکی ئامادە دەبێت، بۆ ساڵی داهاتووش بەشەکەی دیکەی ئامادە دەبێت."
بەڕێوەبەری دارستان و پاوان ئاماژەی بەوە دا، داوایان لە چەند رێکخراوێک کردووە بۆ رووپێویی دارستانەکان، بەڵام تائێستا هیچ رێکخراوێک ئامادە نەبووە، رووپێوییەکەیان بۆ بکات.
