ئومێد سەباح: لە هەفتەی داهاتووەوە بەغدا دەبێت موچەی هەرێم بنێرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە یەکشەممەوە لە بەغدان بۆ رێککەوتن لەبارەی پابەندییەکانی بەغدا و هەولێر لە یاسای بودجە.
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لەرۆژی یەكشەممەی رابردوەوە ئێمە وەكو شاندی هەرێم لە بەغداین و لەكۆبونەوەی بەردەوامدابوین لەگەڵ لایەنەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە.
وتیشی، "دو بابەتی سەرەكی تەوەری كۆبونەوەكان بون، مافە دەستوریەكانی هەرێم پارێزراو بن، بەشە بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم بنێردرێن".
سەبارەت بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت وتی، لە 25/6/2023ەوە رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق کراوە، وە وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆنوسی کۆبونەوەکاندا ئەوەی چەسپاندوە کە هەرێم پابەندی خۆی سەبارەت بە دۆسییەی نەوت جێبەجێ کردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەکانی هەرێم، ئامادەییمان نیشانداوە لە هەفتەی داهاتوەوە سەرجەم ئەو داهاتانە بەپێی یاسای بودجە هاتوە، بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی فیدراڵی.
سەبارەت بەماف و شایستە داراییەكانی هەرێم، ئەوەی راگەیاند، "لەڕوی پراكتیكیەوە لە 26ی (حوزەیران/6)ەوە هەمو ئیستحقاقی هەرێم دەبێت بەتەواوی بنێردرێت نەك تەنها موچە، لەماوەی مانگیشدا بۆ موچە و بودجەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ تیمێكی هاوبەش پێكهێندراوە بۆئەوەی حەق و حساب بكەین، بێگومان بەپێ حساباتەكانمان مافی ئێمە لەلای حكومەتی فیدڕاڵی هەیە".
