پارتی دەیەوێت %57 ی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدەستی خۆیدا بێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پێشتر پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەنێوان پارتی ویەكێتی پەنجا بە پەنجا لەنێوان هەردوولادا دابەشكرابوون، بەڵام لەنوێترین پێشهاتدا پارتی دەیەوێت %57 ی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدەستی خۆیدا بێت و %43 ی بداتە یەكێتی، ئەمەش تیمی یەكێتی توڕەكردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی "كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە توندبووەتەوە، تەنانەت گەیشتووەتە لێكترازان و پەیوەست نەبوون بە بڕیاری یەكترەوە، بەشێوەیەك ئەگەری كشانەوەی تیمی یەكێتی هەیە لە وەزارەتەكە".

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، وەزارەتی پێشمەرگە لە (41) یەكەو پۆست پێكهاتووەو بەرێژەی (50% بە 50%) دابەشبووە، بەڵام لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل  وەزیری پێشمەرگەو دەستبەكاربوونی بریكاری نوێی وەزارەتی پێشمەرگە پۆستەكان گۆرانكارییان بەسەردا دێت.

بەپێی زانیاریەكان تیمی پارتی بڕیاریانداوە پۆستەكان دابەشبكرێتەوە بۆ (57%) بۆ پارتی و (43%) بۆ یەكێتی، لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین بڕیار لەوبارەیەوە دەكراوەو بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەو گۆرانكارییانە لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی لەوەزارەتی پێشمەرگە رەتكراونەتەوە.

ناكۆكیەكان ئێستا چیتر بەنهێنی نەماونەتەوە وئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەو بەرێوەبەری میرەی گشتی و ئیدارەی ئەفسەران بە نوسراو رایانگەیاند ئەو گۆڕانكارییانە بە بێ رەزامەندی ئەوان تێپەڕێندراوەو ناهاوسەنگە بۆیە پابەند نابن پێیەوە.

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی دەیەوێت چەند پۆستێك لە یەكێتی وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە (57%) بە (43%) بۆیە نزیكەی چوار پۆست لە بەرپرسانی یەكێتی وەردەگرێـتەوە.

زانیاری و وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەربگرە: ڕیسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتەوە بە خوری

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار