لێخۆشبونی 15%ی قەرزی کارەبا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لێخۆشبونی 15%ی قەرزی کارەبا بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی لەئەمڕۆ یەکشەممە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەبەرواری 24ی 10ی 2023 کۆتایی دێت.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، دوا بە دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی به لێخۆشبونی 15%ـی قەرزی کارەبا بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تەمموزەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە 24ی تشرینی یەكەم کۆتایی دێت.
باسی لەوەشکردوە، لە ئەمڕۆوە هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەى ئەو ژمێرکارانەى پسوڵەی کارەبا دەگەڕێننەوە، لە بەردەم ماڵەکانیان قەرزی کارەبا بدەن یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا بکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
بەهۆی دواکەوتنی موچە و داهێنانی سیستمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ئێستادا قەرزێکی زۆری کارەبا لەسەر هاوڵاتیان دروستبوە و حکومەت دەیەوێت بە بڕیاری لێخۆشبون بەشێک لەو پارەیەی بەدەستبهێنێتەوە.
