وتەبێژی حکومەتی هەرێم: حکومەتی عێراق بە بەرپرس ئەزانین لە دابینکردنی مووچە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تاوەکو ئەو رۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاوڵاتیانی دابین کردووە."

پێشەوا هەورامانی، ‎وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە دەڵێت ،ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، "حکومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەمو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردوە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندوە".

دەشڵێت:  لە پرسى موچەدا ئێمە هەمو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردوە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندوە و تا ئەمڕۆش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هەرچی زوە موچەی موچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت.

هەروەک پەیامێک بۆ لایەنە سیاسییەکان دەنێرێت و دەڵێت: لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان مەدەن و بۆ جارێکیش بێت بەرپرسیارانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن.

دەقی راگەیێندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە :

بە ناوی خودای گەورە

پرسی مووچەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان گرنگترین بابەت و ئەولەوییەت بووە، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەتا ئەو ڕۆژەی پشتمان بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەست بۆ دابینکردنی مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە و هەموو مانگێک مووچەی تەواوەتی هاونیشتمانیانی دابین کردووە.

ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراقی لەدەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکوومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی مووچەو شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت.

 

پەیامی ئێمە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکانێک هەیە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە هیچ جۆرێک گوێیان بە پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان نەداوە و وەک هاونیشتمانییەکی خەمخۆری خەڵکی کوردستان ڕەفتاریان نەکردووە، لەمە زیاتر لە پێگەی هەرێمی کوردستان نەدەن و بۆ جارێکیشبێت بەرپرسیارانە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن، ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە و بابەتی موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و پێویستە نەکرێتە  ئامرازێک بۆ لێدان لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.

 

‎پێشەوا هەورامانی

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار