ئەنجامنامەی كۆنفرانسی لۆزان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەشاری لۆزانی سویسرا لەو شوێنەی پێش 100 ساڵ پەیماننامەی لۆزانی تێدا واژۆكرا، كۆنفرانسی 100 ساڵەی لۆزان كۆتاییهاتو ئەنجامی كۆتاییش ڕاگەیەنرا، جەختكرایەوە، «كۆنفرانس سڕینەوەی ئاسەوارەكانی لۆزان بەڕەوا دەزانێت».
كۆنفرانسی لۆزان دوو ڕۆژی خایاند لە 22ی ئەم مانگەوە دەستپێكردو بەبەشداریی پارتو ڕێكخراوە كوردستانییەكانو ژمارەیەكی زۆر لەئەكادیمیست، یاساناس، ڕوناكبیر، كەسایەتی، نوێنەری پێكھاتە نەتەوەییو ئایینیەكانو ژنان بەڕێوەچوو.
لەكۆنفرانسەكەدا بەچڕی لێكەوتەو ئەنجامەكانی پەیماننامەی لۆزان تاووتوێكراو دواتریش ڕاگەیەندراوی كۆتایی ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوكرایەوەو تێیدا پەیماننامەی لۆزان ڕەتكرایەوە.
وەك لەئەنجامنامەكەدا هاتوە، «كۆنفرانس داوا لەو وڵاتانە دەكات كە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان كردوە، پشتگیریی گەلی كوردستان بكەنو ھاوكاربن لەچارەسەركردنی ئەو كێشە مێژوییەو داواشدەكات، كورد ببێتە ئەندامی چاودێر لەڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانو بۆ ئەم مەبەستەش ھەنگاوی كرداری بنرێت».
دەقی تەواوی ئەنجامنامەكە:
لەشاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەبەشداری پارت و رێكخراوە كوردستانیەكان و ژمارەیەكی زۆر لە ئەكادیمیست و یاساناس و روناكبیرو كەسایەتی، نوێنەری پێكھاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان و ژنان.
لەو جێگایەی بەر لە سەد ساڵ بڕیاری ئینكاركردنی گەلی كوردو مافەكانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی شومی لۆزان درا، كۆنفرانس بەچڕوپڕی لێكەوتەو دەرئەنجامەكانی پەیمانی لۆزان تاووتوێكراو لەھەموو ڕوەكانەوە لێكدانەوە بۆ لێكەوتە خراپەكانی كرا.
كۆنفراس پێشنیارو راسپاردەكانی بەشێوەیەكی زانستی و یاسایی گەڵاڵە كرد بە جۆرێك لەگەڵ ھەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگونجێ و پۆڵێنی ئەرك و بەرپرسیارێتیەكان كرا.
كۆنفراس خەباتی گەلی كوردستان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواكانی و سڕینەوەی ئاسەوارەكانی لۆزان بەڕەوازانی.
كۆنفرانس داوا لەو وڵاتانە دەكات كە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان كردوە كە پشتگیری گەلی كوردستان بكەن و ھاوكار بن لە چارەسەر كردنی ئەو كێشە مێژووییە و، پشتیوانی مافی رەوای گەلەكەمان بن. چیتر پشتیوانی داگیركەرانی كوردستان نەكەن.
لەھەمان كاتدا داوا لەو دەوڵەتانە دەكەین كە بەپێی پەیماننامەی لۆزان كوردستانیان بەسەردا دابەش كرا، دەرگای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی گەلی كوردستان و كێشەی خۆشیان بكەنەوە.
لەكۆتاییدا كۆنفراس سوپاسی ھەموو بەشداربوانی كرد و بڕیاری لەسەر پێكھێنانی كۆمسیۆنێكی كارا دا بۆ بەدواداچوون و پلانڕێژی و لەسەر كۆی پرسەكانی پەیوەست بە لۆزانو تەواوی پێشنیازو راسپاردەو ئەركەكانی بەم جۆرەی خوارەوە دابەشی سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەویی و نێودەوڵەتی كرد.
یەكەم: لەئاستی نێودەوڵەتی
1- پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی كوردستان بێت لەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.
2- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا، كۆمسیۆنێكی نێونەتەوەیی دروست بكرێت، كە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستانی تێدابێت، ئەو كۆمسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بكات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی كورد بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ.
3- كورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەنان. بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی كرداری بنرێت.
4- ھەوڵبدرێت ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە ببن بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە پێناو پاراستنی گەلی كوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتیەكان.
5- دامەزراندنی دامەزراوەیەكی نیشتمانی ھاوبەشی كوردستانی بۆ چالاكی دیبلۆماسی و جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەم ئەنجام نامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
6- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین پرۆسەی قڕكردن و كۆمەڵكوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی كوردستان ئەنجام دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆكەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بكەنەوە. دڵنییاش فەراھەم بكەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی كوردستان. بە پشت بەستن بە یاسای قەدەغەكردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵی.
7- ڕێگریكردن لەھێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی كوردستان بەگشتیو لەڕۆژئاواو ھەرێمی كوردستان بەتایبەتی. بەدامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان توركیاو رۆژئاوای كوردستان جێگیر بكرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
8- لەپێناو دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر كردنی سەقامگیریی و چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواكارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی ئازاد بكرێن.
دووەم: لەئاستی ناوخۆیی كوردستان
1- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیە باڵا نیشتمانیەكانی كوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیە كەسی و سیاسیەكان.
2- وەلانانی ناكۆكیە سیاسیە ناوخۆییەكان و كاركردن بە ئاراستەی چارەسەركردنی ناكۆكیە ناوخۆییەكان.
3- دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆیی بەشەكانی كوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لەقەوارەی ھەرێمی كوردستان و خۆ بەڕێوەبەری رۆژاڤا،
پێكھێنانی كۆمیتەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا بۆ ھەماھەنگی ھاوكاری لەبواری سیاسی و ئابوری و كەلتوری و كۆمەڵایەتی.
راپەڕاندنی ئەركە ھاوبەشەكان.
4- بانگەواز دەكەین بۆ سازدانی كۆنفرانسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێكھێنانی كۆمیتەیەكی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێكۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی كوردستان.
5- مسۆگەركردنی پاراستنی تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێكەوە ژیانی پێكھاتەكانی خەڵكی كوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان.
6- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەو دانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە لەناو كۆمەڵی كوردستاندا.
سێیەم: لەئاستی ناوچەییو ئەو وڵاتانەی كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە:
1- پارچەكانی كوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سوریاو توركیا بە فەرمی بناسرێن لە ناو توركیا و سوریادا بەو دیڤاكتۆیەكیەی كە خۆیان دەخوازن پەسەند بكرێن.
2- ئەو دیڤاكتۆ خۆبەڕێوبەری كوردستان لە ناو ناوەندە نێودەوڵەتیەكان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەكان دانی پێدا بنرێت و بەفەرمی بناسرێت.
3- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان پێویستە بەھەموو شێوەیەك یەكێتی و یەك دەنگی لە ئاستی باڵادا پێك بھێنرێت، شكاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە رێكەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.
4- داخوازیەكی جدی لە دەوڵەتی توركیا دەكرێت بە بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە كەمیایەتیەكانی نا موسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردەكردن جێبەجێ بكرێت.
5- ئێزدیو یارسانەكان كە لەناو كاتاگۆری نا موسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسەند بكرێت، بە جۆرێك ئەو مافەی بۆ رۆم و ئەرمەنی و سریانی وكلدانی قبوڵ كراوە بۆ كوردانی ئێزیدی و یارسانەكان پەسەند بكرێت.
6- پێویستە لەسەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان و ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان ھەریەك نوسینگەیەكی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێكەوتەكانی و ئەركەكان بەرابەری بكرێتەوە.
7- ئۆرگانێكی راوێژكاری و رێنیشاندەر لە نێوان بەشەكانی كوردستان دروست بكرێت.
لە پێناو ھۆشیاروی بەرچاو روونی و پلاندانانی ھاوبەش.
8- دواكارین لەھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی كوردستانی عێراقو ڕۆژئاوای كوردستان دەكەین، ھەموو گرفتەكانی نێوانیان چارەسەربكەنو لەبەرامبەردا ھەموو تێكەڵاویەكی سیاسی و كەلتوری و ئابوری كۆمەڵاتی لەنێوان خۆدا پیادە بكەن. بە پشت بەستن بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان لە فەرمی ناسینی كانتۆنەلانی رۆژئاوای كوردستان.
9- لەپێناو دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر كردنی سەقامگیریی و چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواكارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی لە توركیا ئازاد بكرێن.
10- بەپێی مادەی 140ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم بكرێتو ڕەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبكراوەكان بكرێت.
سەركەوتوو دەبێت ئیرادەی گەلی كوردستان
نەمری بۆ شەھیدانی ڕێگەی ئازادی خەڵكی كوردستان.
