چوار هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمى کوردستان هەیە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
داوادەکرێت کەرتى سامانى ماسى لە هەرێمى کوردستان پەرەى زیاترى پێبدرێت و بکرێتە سەرچاوەیەکى داهات وسەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکان چوار هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمى کوردستاندا هەیە.
سەڵاح مەجید رەسوڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە کە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی بەهۆى ئەوەى زەمینەى گونجاوى بۆ رەخساوە لەم چەند ساڵەی دوایدا زیادیان کردوە و بەردەوامیش لەزیادبوندان و لە ئێستادا بەپێی ئامارە نافەرمیەکان 4000 حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەیە لە هەرێمى کوردستاندا.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، حەوزەکانى ماسى لەباشورو ناوەڕاستی عێراق بەهۆی جێبەجێ کردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵەوە پڕ کراونەتەوە بەبیانوی نەبوونی ئاو، ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە بازاڕێکی گەرم و پێشەنگ لەبارەى دابینکردنى بەرهەمی ماسی بۆ تەواوی ناوچەکانی عێراق بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێکخستنەوەی تەواو لەم کەرتەدا لە هەرێم ئەنجام بدرێت.
لەبارەی ڕێکخستنەوەی سامانی ماسی لەکوردستان ، سەڵاح مەجید رەسوڵ وتی: “پێویستە ڕوپێویەکی تەواو بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی بەخیوکردن لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامبدرێت، هەروەها بۆ زانینی ئاستی بەرهەمهێنان و هانی سەرمایەداران بدرێت روبکەنە ئەم کەرتە و پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی دروستبکەن کاریش بۆ دۆزینەوەى بازاڕ لە دەرەوەى هەرێم بکرێت.
جێگەى ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکان پێشتر حەوزى ماسیەکانى ناوەڕاست و باشوری عێراق ساڵانە نزیکەى یەک ملیۆن تۆن بەرهەمى ماسییان هەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆى ڕێکارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوەوە، بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن کەمبووەتەوە.
