هاوڵاتی زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی سبەینێی یەکێتی و پارتی ئاشکرادەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبنەوە، بڕیارە سبەی وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی یەکێتی بکات و لە دەباشان کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن کە تەوەری سەرەکی پرسی هەڵبژاردنە لە عیراق و هەرێم.
د. سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهاوڵاتی وت: "بڕیارە سبەی یەک شەممە ٣٠-٧-٢٠٢٣، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە دەباشان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردووە کۆببنەوە".
وتیشی: "پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دەبێت".
پێشتریش چەند جارێک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەتەوە، دواکۆبوونەوەیان رۆژی ٩-٧-٢٠٢٣ بوو لە پیرمام، پێش کۆبوونەوەکەی پیرمامیش هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی رۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٣، لە هەولێر کۆبوونەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکیش لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ هاوڵاتی پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنە و تیایدا هەردوولا بڕیاری کۆتایی خۆیان دەدەن لەبارەی کاتی هەڵبژاردنی هەرێم و چۆنیەتی بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەناوچە جێناکۆکەکان.
هاوکات دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت:"سەردانی هەموو لایەنەکانمان دەستپێکردووە و دوای کۆبوونەوەکانیش سەرۆکایەتی هەرێم کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات.
