هەر کەسێک مۆڵەتی بۆ چەکەکەی وەرنەگرتبێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو مانگدا مۆڵەت وەربگرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی 22ـی تەممووز دوایین مۆڵەت بوو بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک و نوێ نەکرایەوە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، یاسای چەک دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی یاسای چەک،هەر کەسێک مۆڵەتی بۆ چەکەکەی وەرنەگرتبێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو مانگدا مۆڵەت وەربگرێت.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە رێگەی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکەوە زیاتر لە 17 هەزار چەکی هاووڵاتییانیان تۆمار کردووە و پسوولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە 22ـی تەممووزی 2023ـەوە یاسای چەک، بە ژمارە 2ی ساڵی 2023 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 12ـی یاسای چەکدا هاتووە: هەرکەسێک لە ماوەی (60) رۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبووردرێت و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات."
بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی ناوخۆ هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە؛ یان سەردانی دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ چەکەکانیان
