ھاتوچۆی سلێمانی: لە سێ رۆژدا پێنج کەس بە رووداوی ھاتوچۆ گیانیانلەدەستداوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تەنھا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لەسنوری سلێمانی پێنج کەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیانلەدەستداوە و ١١ی دیکەش برینداربوون.

لە چەند رۆژی رابردودا، لە سنوی پارێزگای سلێمانی چەند روداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ رویاندا کە ژمارەیەک قوربانیی لێکەوتەوە و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی ئەم هەفتەیەدا لە چەند روداوێکی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگاکە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش برینداربون.

بەھمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی ھاتووچۆ پابەندنەبوونی شۆفێرانە بە رێنمایی و یاساکانی ھاتووچۆ، لەوانە تیژڕەوی و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان.

وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی وتیشی، ئەگەر پلانەکانی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ھاتوچۆ جێبەجێنەکرێن، کە لە رێنمایی و یاساکان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکان پێکھاتوون، ئەوا رووداوەکانی ھاتووچۆ زیاتر دەبن.

ئەو ڕوداوانەی لەم سێ ڕۆژەدا ڕویانداوە :

یەکێک لە روداوەکان کە بەهۆی گەورەییەکەیەوە بوە پرسی میدیاکان، لەسەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحمود رویدا. بارهەڵگرێک ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی راماڵی و زیانی زۆری پێ گەیاندن. ئەمە جگە لە برینداربونی پێنج هاوڵاتی کە برینی یەکێکیان سەختە.

یەک رۆژ دوای ئەو روداوە، لەسەر رێگای بەرانان لە شارۆچکەی دەربەندیخان، بارهەڵگرێک ئۆتۆمبێلێکی کرد بە ژێرەوە کە شەش سەرنشینی تێدا بو، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و یەک کەسیش برینداربو.

رۆژی پێنج شەممەی هەمان هەفتە، لە دو روداوی هاتوچۆی جیاوازدا لەسەر شەقامی سەرەکی سەرچنار، پێنج کەس برینداربون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار