دوو ژینگەپارێز لە مەریوان لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا بریندار بوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە پێی هەواڵێک کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کەناڵی تێلگرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئاب، دوو ژینگەپارێز کە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و ئەنجومەنی ژیوانی پاوەنن، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە لە دەورووبەری مەریوان بریندار بوونە و بە هۆی برینەکەیانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەو ئێستا تەندروستیان جێگیرە.

لەم پەیوەندەدا یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چیا بە هاوڵاتی راگەیاند، ئارمان شاکری ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیایە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە قاچی شکاوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری وەرگرتووە.

هەروەها  عەدنان قادری  ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای  پاوە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا خشۆکێکی نەناسراو پێوەی داوەو باری تەندروستی تێکچووەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەرکراوە.

باسی لەوەشکرد" جێگەی ئاماژەیە ٣ رۆژە لە چەن شوێنەوە دارستانەکانی دەورووبەری مەریوان دەسووتێن و تیمە خۆبەخشەکانی ئاگرکوژاندنەوە لە شارەکانی دیکەی  رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ یارمەتی ژینگەپارێزانی شاری مەریوان، روویان لەو شوێنانە کردووە کە ئاگری تێدایە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

بە پێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە شارەکانی، پاوە، سەقز، سنە و بانەوە ژینگە پارێزەکان پەیوەست بوون بە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوانەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥١ تیمی خۆبەخش بۆ ئاگرکوژاندنەوە بەرەو شوێنی ئاگرەکان رێکەوتوون.

جێگەی ئاماژەیە چەند رۆژێک لەمەو پێش و رۆژی هەینی ٢١ی تەمموز لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر لەنزیك كانی میران حەوت ژینگەپارێز بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار