تا ئێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون.

بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتی‌و یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە.

پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە».

وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن».

بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت».

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە.

بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

هیچ پارێزگایەك نابێت كورسییەكانی لە (12) كورسی كەمتربێت و هەر پارێزگایەك ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر كورسییەك زیاتر بوو لە (200 هەزار) كەس ئەوا بەپێی یاساكە كورسییەكانی بۆ زیاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار