دوو کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژران
.png)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی شەممە ٥ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆڵبەرێکی ٥٠ ساڵ تەمەنیان بە ئەنقەست کردووە بە ژێر ئۆتۆمبیلەوەو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە.
ماڵپەڕی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" ی سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری کوژراو، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوکی پێنج منداڵ بووە.
تەرمی ڕەسووڵ گاگەشی هێشتا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەرسنوور، رۆژی پێنج شەممە ٤ی ئاب، لە سنووری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "دۆسینە"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەک لەم بارەوە بە ماڵپەڕی "کوردپا"ی راگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لە خاڵی پشکنینی "خوریاوا"، کراوەتە ئامانج و تەوەی لێکراوە.
