وەزیرى ئاوەدانکردنەوە دابەشکردنى فۆرمى نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبون رادەگەیەنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فۆڕمی دابەشكردنی نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونی راگەیاند و بەپێی پرۆژەكەش، بەبێ پێشەكی و بەقیستی 25 ساڵ ئەو یەكانە دەدرێنە هاوڵاتیان.
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەمڕۆ سێشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە كەمدەرامەتان.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، ئەو یەکانە بەبێ پێشەکی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە هاووڵاتییانی کەمدەرات.
گوتیشی: "لە ئەمڕۆوە ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە و زانیارییەکان بخەنەڕوو، کە بەشێوەیەکی زانستی و بەهاوکاری کۆمەڵەی کرێنشینان فۆڕمەکان ئامادەکراوە".
سەبارەت بە چۆنییەتی پێشکەشکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەم یەکانە دانا عەبدولكەریم دەڵێت : "لە ماوەی سێ مانگدا هاووڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەش بکەن" ئەوەشیخستەڕو، "دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لیژنەی تایبەت لە سنوری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆكان پێكدەهێنرێت بۆ دیاریكردن و هەڵسەنگاندنی خاڵەكان، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیش ئەوەیە ئەو كەسەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون پڕدەكاتەوە دەبێت تەمەنی لە سەروی 18 ساڵ و خێزاندار بێت".
