دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەسووتێن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پرسی سووتانی دارستانەكانی زاگرۆس و لەوانە دارستانەكانی مەریوان بووە بەپرسێكی گرنگی ژینگەیی، هەموو ساڵێك سەدان هێكتار لەدارستان و پووش و پاوانەكانی مەریوان و دەرووبەری دەسووتێن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باس لە سوتانی دارستانەکانی مەریوان و دەوروبەری و شەونخونی ژینگە پارێزانی ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکات و دەڵێت گومان لەوەدا نییە کە ئاگرکەوتنەوەکان دەستی مرۆڤیان تێدایە.

سەبارەت بە سوتانی دارستانەکان ژینگە پارێزێک بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتووە، "«قسەکانی هەندێ لە کاربەدەستان و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان  سەبارەت بە سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ کە تەنها بە بەرهەمی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لە قەڵەم دەدەن، نەک تەنها پێچەوانەی راستییەکانە بەڵکوو لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە لە خودی شوێنەکەدا دەیبینن دژایەتیی هەیە».

و دەشڵێت"  نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش  ئاگرێکی گەورە دوو ناوچەی نزیک لە یەکی گرتەوە؛ دارستانەکانی گوندی «کانی میران» کە بەرەو گوندی «ساوا»یش کشا، لەوبەری زرێباریشەوە دارستانەکانی گوندی «سێف» کە بەرەو دارستانەکانی دەوروبەری خۆی تەشەنەی سەند. بەپێی مەزەندەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا بە گشتی نزیکەی ٤٤٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم دوو شوێنە لە ئاگردا سووتاوە.

هاوکات ئەو ژینگە پارێزە باسی لەوەشکردووە کە" لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە لە دارستانەکانی گوندی «ئاسنەوە» لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان ئاگر کەوتەوەو  ئاگرەکە زۆر خێرا بەرەو گوندەکانی تریش تەشەنەی سەند، بەڵام لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆری مین (ئەڵغام)ی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاخەکانی ناوچەکەدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تا ٣ ڕۆژ دوا کەوت هەر بۆیە ئاگرەکە ناوچەیەکی زۆر گەورەی گرتەوە."

هاوکات  گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی ئەمساڵ کاتژمێر ١١ی ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ (٣ی مانگی هەشت) ئەمجار لە دارستانەکانی گوندی «دەرەوەران» لە باکووری شاری مەریوانەوە دەستی پێ کرد، ئاگرێکی هێندە گەورە کە ئەنجومەنی سەوزی چیای ناچار کرد داوای یارمەتی لە ئەنجومەن و چالاکانی شارەکانی تری کوردستان بکات. بە وتەی ئەم ژینگە پارێزە : «لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا کە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە بواری کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا چالاک بووە، قەت ئاوا ئاگرێکی گەورە و دژوارمان نەبینیبوو. دارستانەکانی گوندی دەرەوەران و گوندە نزیکەکانی تری، لە ڕیزی چڕترین دارستانەکانی کوردستاندان و هەر ئەمەیش کاری کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی زۆر سەختتر کردەوە».

سەبارەت بە یارمەتییەکان لەلایەن حکومەتی ناوچەکەوە ژینگە پارێزان دەڵێن، یارمەتییەکان لە ئاستی قەیرانەکاندا نەبوون و تەنها دوای گوشاری ڕای گشتی چەند هاوکارییەک کراون کە لە ئاستی پێویستدا نەبووە.

لە زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی مەریواندا تا ئێستا ٢٠ ژینگە پارێز بریندار بوون کە برینی دوو کەسیان سەختبووە  و ئەوانی تریان هەر لە شوێنی ڕووداوەکاندا چارەسەریان بۆ کراوە.

هاوکات ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ یەکەم جار کامپی دیاریکراوی لە هەندێ خالی نزیک لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان کردووەتەوە و ڕێکخستنی تیمەکان لەم کامپانەوە جێبەجێ دەکات. ئەم ئەنجومەنە لە بانگەوازەکانی خۆیدا داوای لە خەڵک کردووە کە جیا لە دابینکردنی کاڵا و خۆراک، یارمەتیی بە پارە بۆ حسابی بانقیی ئەنجومەن بنێرن، چونکە هەندێ لە کەرەستە و پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە بازاڕدا نادۆزرێنەوە و دەبێ بە تایبەتی داوای دروستکردنیان بکرێت.

ژمارەی حسابی بانقیی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ وەرگرتنی یارمەتییەکان : 6104337913074793

سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە: دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناودەبرێن

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار