نوێنەرانی یەکەکانی نیشتەجێبون لە سلێمانی: نابێت جیاوازی نرخی کارەبا هەبێت لە نێوان ئێمە و گەڕەکەکان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمشەو نوێنەران و ئەنجوومەنی سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دژی گرانی نرخی کارەبای سیتییەکان گردبوونەوە و داوایان کرد هەمواری ئەو ڕێنماییە بکرێت، ناکرێت بەو رێژە زۆرە نرخی کارەبا زیاد بکرێت چونکە بارگرانی لەسەر شانی دانیشتوانی ئەو سیتییانە دروست دەکات .
نوری حەمە سەعید، سەرۆکی ئەنجوومەنی دانیشتوانی چوارچرای نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"لە سیتییەکانی سلێمانی نرخی کارەبای نیشتیمانی کراوە بە 157 دینار بۆ هەر وەحدەیەک، بۆ کارەبای موەلیدەش 270 دینارە بۆ هەر وەحدەیەک، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بەسەر دانیشتوانی سیتییەکان دروست کردوە."
وتیشی، "بەشێوەیەکی نایاسایی ئەم نرخانە زیاد کراون و بارگرانییەکی زۆری خستوەتەسەر شانی دانیشتوانی یەکەکانی نیشتەجێبوون، دڵنیاین دوای ئەوەی پرۆژەکە جێبەجێ بێت و دەنگی ناڕەزایەتی نەبێت ئەم بڕیارە بەسەر گەڕەکەکانی دیکەش دەسەپێنرێت ."
باسی لەوەشکرد، ئەم جیاکارییەی دروست دەکرێت لەنێوان دانیشتوانی سیتییەکان و دانیشتوانی گەڕەکەکان نازانرێت لەسەر چ بنەمایەک ئەم کارە کراوە، دڵنیایی دەدەین کە دانیشتوانی سیتییەکان کەسیان دەوڵەمەند نین بەو ڕادەیەی گرفتی پێدانی کارەبایان نەبێت
هاوکات داوا لە حکومەت دەکەن کە هەمواری رێنماییەکان بکەنەوە و چیتر دۆخەکەیان قورستر نەکرێت.
