چەند تۆمەتبارێک بە چوار كیلۆگرام تیئێنتییەوە دەستگیرکران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەستبەسەرداگرتنى بڕى چوار کیلۆ تى ئێن تى و چەندین جۆرى جیاوازى چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئاسایشى شارەوزرەوە راگەیاند و سێ تۆمەتباریش دەستگیر کراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هێزەكانی ئاسایش دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و بەدەستهاتنی زانیاری، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش رۆژی 7ی ئەم مانگە سێ تۆمەتبار كە كاریان قاچاخچێتی كڕین و فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی نایاسایی بوە، لە پارێزگای هەڵەبجە دەستگیركرد".
ئەو چەک و تەقەمەنیانەى دەستیان بەسەردا گیراوە لە ماڵ و شوێنى دوکانى تۆمەتباراندا بوە و پێکهاتوە لە (چوار کیلۆگرام تى ئێن تى و 53 چەکى مامناوەند و چەکى ڕاو و 10 بۆمبى دەستى لە جۆرى نارنجۆک و نزیکەى دوو هەزار فیشەکى جۆراوجۆر و چوار دوربینى سەر چەک.
ئەوەشیخستۆتەڕو، لەئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی 15ی چەك ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.
