ساڵح موسلیم: پارتی رۆڵێکی خراپ لە هێرشەکانی تورکیادا دەگێڕێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ساڵح موسلیم لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر خاکی هەرێم و بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی رەخنەی توند لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "پارتی رۆڵێکی خراپ دەگێڕێت."

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئێستا بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێ دەنگە لەکاتێدا دەزانێت ئەو هێرشانە بۆ سەر خەڵکی سڤیلن و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج."

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم لە ماوەی رابردوودا زیادی کردووە و تەنها لە چوار رۆژی رابردوودا، تورکیا بە درۆن سێ ئۆتۆمبێلی لە ناحیەی ناڵپارێز و خەلەکان و قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووەتە ئامانج. لە هێرشەکانی خەلەکان و ناڵپارێز تەنها کەسانی سڤیل بوونەتە قوربانی.

لەدوای هێرشەکان دژەتیرۆری کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی دەکات، رایگەیاند، لە هێرشەکاندا "چەکدارانی پەکەکە" و "بەرپرسی باڵای پەکەکە کوژراون."

سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی، سەرۆکی پەیەدە رایگەیاند، "ئێستا ئەو حزبە ڕۆڵێکی خراپ لەو هێرشانەدا دەگێڕێت و نایەوێت بێتە ئەو بەرەیەی کە دژی هێرش و داگیرکارییەکانی سەر خاکی کوردستان دروست بووە."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار