رێکخراوی سی پی تی: تورکیا ئەمساڵ 82 شوێنی هەرێمی کوردستانی بۆردومان کردووە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی CPTی ئەمریکی رایگەیاند، لەمساڵدا تورکیا زیاد لە 80 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە و هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت لەساڵی 2015ەوە 147 کەس لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کوژراون.
بەپێی وتەی کامەران عوسمان، ئەندامێکی رێکخراوەکە، تورکیا تەنها لەمساڵدا 82 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە کە بەهۆیانەوە هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سێیانی تریش برینداربوون.
ئەندامەکەی CPTی دەشڵێت، "لەو هەشت کەسەی کوژراون، چواریان لە پارێزگای دهۆک و چواریان لە سلێمانی بوون، ئەو سێ کەسەی برینداریش بوون، دووانیان لە پارێزگای دهۆک و یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانی بوون."
کامەران عوسمان ئەوەشی خستوەتەڕوو کە لەساڵی 2015ەوە تا ئێستا، 147 کەس لە هێرش و بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کوژراون و 219 کەسی تریش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی 158 گوند چۆڵکراون و 600 گوندیش مەترسی چؤڵکردنیان لەسەرە.
