وەزیری خوێندنی باڵا: وەزیر بین یان گزیر کەمتەرخەم نابین لە ئاست نەخۆشخانەی هیوا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونایدا رایگەیاند، پێوستە هەموان پشتگیری و هاوکاری نەخۆشخانەی هیوا بکەن و "پێداویستییەکانیان پڕ بکەینەوە جا وەزیر بین یان گزیر."
ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی نەخۆشخانەی هیوای کرد لە سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ دەربڕینی رێز و پیزانینە بۆ پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە و "نەخۆشخانەی هیوا تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆیە پێویستە بە هەموومانەوە پشتیوان بین لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان و کەمتەرخەمی نەکەین ئینجا وەزیر بین یان گزیر."
وەزیری خوێندنی باڵا داواشی کرد کە پاڵپشتی تەواوەتی لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی بکرێت و وتیشی، "ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکی کوردستانە هاوکاری ئەو نەخۆشخانانە بکەین بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو هاوکاریانەوە بە نەخۆشەکان بڵێین دڵمان لاتانە و ئەرکی ئێمەیە لە خەمیاندا بین".
ئارام محەممەد داواشی لە سەرمایەداران کرد هاوکاری ئەو دوو نەخۆشخانەیە بکەن کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی توشبوانی شێرپەنجە و وتی، "دەتوانن ئومێدی منداڵێک زیندوو بکەنەوە و خزمەتی نەخۆشێک بکەن."

