مەسرور بارزانی: گەشبینین بە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا و شایستەداراییەكانی هەرێم دەنێردرێن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە سبەینێ سێشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی مووچە و مەسرور بارزانیش ئەمڕۆ دووشەممە لەگوتاریكدا رایگەیاند گەشبینە بە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا و شایستەداراییەكان لە بودجە و مووچە دەنێردرێن.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری زاخۆ، پڕۆژەی گەشتیاری كۆرنیشی دەلالی كردەوە و لەوتارێكیشدا رایگەیاند، "هەتا ڕێگری لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان كرا، حكومەتی هەرێم بە شانازییەوە هەمو مانگێك موچەی خەڵكی كوردستانی دابین كردوە، دەشڵێت، "گەشبینم بەوەی دەگەینە ئەنجامێكی باش لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، تا بودجە لە كاتی خۆیدا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافە دەستورییەكانمان بكەین، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەینە ئەنجامێكی ئاشتییانە و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر بكەین، لە ڕۆژانی داهاتوش جارێكی دیكە شاندی ئێمە دەچێتەوە بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بابەتی ناردنی بودجە"
هاوکات ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای نزیك لە حیزبەكەی رایگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و سەردانەكەی سبەی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان".
لەم پەیوەندەدا، دوێنێ یەك شەممە ئێخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو بەغدا مووچەی هەردوو مانگەكانی حەوت و هەشت بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

