دەزگای ئاسایشی هەرێم: سێ تیرۆریستی داعش دەستگیرکران

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند"بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد".
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هێزەكانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، لەسەر بونی سێ داواكراو بە ماددەی 4ی تیرۆر، بە مەبەستی دەستگیركردنی داواكراوان هێزەكانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان لە دو ئۆپراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربكەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم، لە رۆژی 2ـی ئابی 2023 بووە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوو "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوەکانی ( م. ع. ع)، ( م. ج. م) دەستگیرکردووە.
ئۆپراسیۆنی دووەمیش، وەکو دەزگای ئاسایش باسی دەکات، رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2013 ئەنجامدراوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوی ( س. ح. ع) دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە یەکێک لە تیرۆرستەکان لە لە ڕیزەكانی داعشدا كاری بردن و گواستنەوە و دابەشكردنی ماڵ و سامانی كوردانی ئێزیدی بوە لە ناوچەی شەنگال.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی ئاشكراكردوە، "لەئێستادا هەر سێ تیرۆریستی داواكراو، ڕادەستی یاسا كراون"

