نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: هیچ بڕیارێک بۆ دامەزراندنمان دەرنەچووە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە بەهۆی ئەوەی "هیچ بڕیارێک" دەرنەچووە بۆ دامەزراندنی وانەبێژان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، " بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستایانی وانەبێژان تاوەکو ئێسـتا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدراوە لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ."
نوێنەری وانەبێژان دەشڵێت، چارەسەری کێشەی وانەبێژان تەنها "خۆپێشاندانە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران" بۆیە رۆژی یەکشەممەیان دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەکە و داوا لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئامادەبن.
ئەم هەڵوێستەی مامۆستایانی وانەبێژ لەکاتێکدایە کە چەندین جار بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی دامەزراندنی هەمیشەییان پێداون بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون.

