لقی سلێمانیی بانکی ناوەندیی هەرێم: ئەو ئۆتۆمبێلەی بە پارەوە وەرگەڕاوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لقی سلێمانی بانکی ناوەندیی هەرێم لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هیچ بڕە پارەیەک بەناوی موچەی فەرمانبەران یان پارەی گەنمی جوتیاران راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی نەهاتوە و ئۆتۆمبێلەکە پەیوەندیی بە بانکی ناوەندیی هەرێم / سلێمانیـیەوە نییە.
لە روونکردنەوەکەدا کە ئەمشەو بانکی ناوەندیی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ "لە چەند پەیج و دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵێک دەربارەی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارە لە ناوچەی چیمەنی سەر بەپارێزگای کەرکووک بڵاوکراوەتەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلە پارەی لە بەغداوە بۆ بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی گواستووەتەوە.''
بانکەکە ڕونیکردۆتەوە "بۆ ڕای گشتی و سەرجەم راگەیاندنەکانی روون دەکەینەوە؛ هیچ بڕە پارەیەک بەناوی مووچەی فەرمانبەران یان پارەی گەنمی جووتیاران راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی نەهاتووە و ئەو ئۆتۆمبێلەی باس کراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بانکی ناوەندیی هەرێم / سلێمانیەوە نییە."
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە کەرکووک دوو ئۆتۆمبێلی گوللـە نەبڕ و زرێپۆش کە تایبەت بوون بە گواستنەوەی پارە لە بانکەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک، لە سلێمانییەوە بە ئاراستەی کەرکووک دەهاتن لە بازگەی چیمەن توشی ڕوداوی هاتوچۆ بوون.بە گوێرەی زانیارییەکان دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە رووداوەکە، دوو ئۆتۆمبێلی دیکەی گوللـەنەبڕ هاتوون و پارەکانیان گواستوونەتەوە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە لە رێوشوێنێکی ئەمنیی تووندا.

