کێشە بۆ ناردنی پشکی هەرێم دروست دەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا تا ئێستا نەگەشتوون بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجە و حکومەتی عێراقی پێی راگەیاندوون مانگی داهاتوو تەنها 546 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکەن.
دوای ئەوەی ماوەی دوو رۆژە شاندی هەرێم لە بەغدایە و لەگەڵ چەندین وەفدی حکومەتی عێراق کۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێشتر رایگەیاند لە سەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە بەغدا پشکی هەرێم رەوانە دەکات و تا سەرەتایی مانگی داهاتووش دوو موچە دەنێرێت.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراقی ئەوەی بە شاندەکەی هەرێم وتووە کە پشکی هەرێم لە بودجە 598 ملیار دیناری مانگانەیە و بۆ ئەم مانگە 57 ملیار دینار لەو بڕە پارەیە بۆ قەرزی بانکی تی بی ئایی عێراقی دەبڕدرێت، واتە 546 ملیار دەمێنێتەوە و دەنێردریت بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە شاندی هەرێم دەڵێت، مانگانە پێویستی بە 930 ملیار دینارە تا موچەی سەرجەم فەرمانبەران بدات.
لەم هەفتەیەدا شاندێکی دارایی حکومتی عێراقی لە هەرێم بوو بۆ پاکتاوکردنی داهاتی حکومەتی هەرێم و بڕیارە هەر سێ مانگ جارێک پاکتاوکردنی حسابات ئەنجام بدرێت تا بزانرێت کە داهاتی هەرێم جەندە و موچەخۆران چەندن چونکە حکومتی عێراق بە شاندەکەی هەرێمیان وتووە کە مووچەخۆرتان زۆرە.

