ئێران ئاوی زێی بچوک دەگرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاوەکە دابەزیووە، بەرپرسانی قەڵادزێش کێشەیان لە پێدانی ئاو بە هاوڵاتیان بۆ دروست بووە.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە سنوری پشدەر رایگەیاند، ئێران ئەمساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاوی زێی بچوکی کەمکردووتەوە و ئەمەش وای لە ئەوان کردووە کە پێداچوونە بۆ دابینکردنی ئاو بکەن لە قەڵادزێ.

ئێران نزیکەی 600 بەنداوی هەیە و لە شارە کوردییەکانی نزیک سنوری هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 بەنداوی گەورەی هەیە. حکومەتی وڵاتەکە ساڵانە لە وەرزی هاویندا ئاوی ئەو روبارانە دەگرێتەوە کە دەرژێنە هەرێمی کوردستانەوە، بەمەش کێشەی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.

لەسەر گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک، سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، بەهۆی ئەو بەنداوەی ئێران دروستیکردووە لەسەر زێی بچوک،  ماوەی سێ رۆژە ئاوی رووبارەکە کەمی کردووە.

سەرچاوەی ئاوی زێی بچووك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوەیە و دواتر بەناو هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و دەرژێتە رووباری دیجلەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار