ئازادکردنی گۆهدار زێباری بۆیەکشەممەی داهاتوو دواخرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گۆهدار زێباری یەکێک لە زیندانیانی بادینان  بڕیاربوو دوێنێ چوار شەممە 16ی ئاب ئازاد بکرێت بەڵام براکەی ڕایگەیاند ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ یەکشەممەی داهاتوو دواخراوە و پارێزەرەکەشی دەڵێت، دۆسیەیەکی دیکە بۆ گوهدار زێباری دەکرێتەوە.

زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت"بڕیار بوو دوێنێ براکەم ئازاد بکرێت، بەڵام دواخرا بۆ یەکشەممەی داهاتوو، چاوەریێ دەکەین بزانین یەکشەممەش ئازاد دەکرێت یان دووبارە دوادەخرێت بۆ کاتێکی تر"

زێدان زێباری ووتیشی"لەمەزیاتر هیچ نازانین، بڕیار بەدەستی ئەوانە، مافی گوهدار بۆ چوارشەممە ئازادکرابا بەڵام نەکرا"

هاوکات بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشدار حەسەن پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند ،"دوای ئەوەی  سزادراو گوهدار زێباری ماوەی زیندانیکردنەکەی تەواو کرد، وابڕیاربو دوێنێ ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی هەبونی دۆسیەیەکی دیکە لەسەری بەپێی ماددەی (15) لە یاسای چەک، دوبارە راگیرایەوە.".

جەختی لەوەشکردەوە کە  لەگەڵ تیمەکەیان، هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە.

دوێنێ چوارشەمەش،  ئەیهان سەعید، نوێنەری سزادراوانی بادینان، رایگەیاند بڕیاری دادگا دراوە و دەبوو گۆهدار زێباری ئازاد بکرایە، بەڵام بەهۆی "بیانویەکی سەیر و پێکەنیناویی بەرێوبەری ئاسایشی گشتی هەولێر لەوێ ئامادە نەبوو بۆ واژۆکردنی ئازادکردنی بەهۆی ئەوەی چووەتە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و یادی لەدایکبونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی."

گۆھدار زێباری لە 16ی شوباتی 2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"  لەگەڵ هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار