مەسعود بارزانی: پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، "پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووریی کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت."
بارەگای بارزانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبونەوەکە لە سەڵاحەدین ئەنجامدراوە و تێیدا "بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکان تاوتو کران."
بەپێی راگەیاندراوەکە، مەسعود بارزانی وتویەتی، "ئێمە خاوەنی پرسێكی ڕەواین، لە هەموو قۆناغەكانیش دا لە پڕۆسەی سیاسی دا هەمیشە، پابەندین بە هەر سێ بنەمای تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگی.
سەرۆکی پارتی ئەوەیشی بە وەزیر و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی وتووە کە "پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووری کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت، چونکە ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێکی دوور و درێژە لەپێناوی ئازادی."
هەر لە کۆبونەوەکەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی باسی لە ئامادەکاریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد و گرنگترین ئەو یاسایانەی خستەڕوو کە لەم وەرزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتو دەکرێن، لەوانەش یاسای نەوت وغاز، یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی، و یاسای دادگای فیدراڵی.

