عێراق بێ راوێژ کردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەوت لە کێڵگەیەکی کفری دەردەهێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت بێ راوێژ کاربکات بۆ لێدانی بیرە نەوت لە کیڵگەیەکی نەوت و گاز لە سنوری ناحیەی قەرەتە لە دیالە.
بەهجەت ئەحمەد، راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندی یەکێتی بۆ کاروباری وزە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "حکومەتی عێراق بۆ لێدانی بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان راوێژی لەگەڵ هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا پێویستبوو ڕاوێژ بکات، هۆکاری راوێژنەکردنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچووە."
بە هجەت ئەحمەد دەشڵێت، "بەهۆی دەرنەچوونی یاسای نەوت و گازەوە، وەزارەتی نەوت بە یاسا کۆنەکان کاردەکات و بە شێوەی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ پرسی وزە دەکات، بۆیە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێم مافی بە خۆیداوە بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لێبدات."
ئەو کێڵگەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە کاری تێدا بکات دەکەوێتە سنوری ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە کە سەر بە قەزای خانەقینە لەرووی ئیدارییەوە و دەکەوێتە سنوری ناوچە کیشە لەسەرەکانەوە.
دەنگی ئەمریکا دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتنی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی بۆ دەرهێنانی نەوت لە دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە.
بەپێی وتەی بەهجەت ئەحمەد، "عێراق هەموو ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامداوە بۆ دەرهێنانی نەوت لە سنوری قەرەتەپە. دەبێت لەمەودوا کێڵگەکانیان ڕادەست بکات."

