بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی وردەکاری روداوی کوشتنەکە ئاشکرا دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
برازایەکی نیاز دەرگەڵەیی وردەکاری کوشتنی بەرپرسەکەی پێشووی یەکێتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە باخەکەی خۆی کوژراوە و سێ فیشەک بە سەرییەوە نراوە، دەشڵێت نیاز دەرگەڵەیی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بووە و پێویستە کەیسەکەی بە "گرنگییەوە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە تەماشا بکرێت."
باڵا دەرگەڵەیی، برازای نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، رایگەیاند نیاز دەرگەڵەیی ئەمشەو لە باخەکەی خۆی بووە و خێزانەکەی رۆشتووە بۆ "باخەکەی ماڵی باوکی کە بەرامبەر باخەکەی خۆیانە و کاتێك خێزانی هاتووەتەوە، روداوەکە رویداوە" و نیاز دەرگەڵەیی کوژراوە و روداوەکە لە دوای کاتژمێر هەشت بووە.
باڵا دەرگەڵەیی دەشڵێت، پزیشکی دادی رانییە پێی راگەیاندوون کە سێ فیشەک بە سەری مامییەوە نراوە و دوو فیشەک بەر تەوقە سەری کەوتووە و فیشەکێکیش بە ناوچاوانی.
هاوکات برزاکەی نیاز دەرگەڵەیی باس لەوەش دەکات کە بنەماڵەکەیان هیچ ململانێییەکیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە و "پێویستە ئێمە چۆن بە گرنگییەوە لەم کەیسە دەڕوانین، یەکێتی نیشتمانیش بە گرنگییەوە لێی بڕوانێت و بە پەرۆش بن بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکە."
نیاز دەرگەڵەیی پێشتر پێشمەرگەی یەکێتی بووە و چەندین پلەی سەربازی لەناو حیزبەکەدا هەبووە، لەماوەی رابردووشدا چەند پلە و پۆستێکی ئیداری پێدراوە لەوانە، قایمقامی چۆمان، دوکان، هەروەها رەواندوز بووە لەکاتی جیاوازدا.
درەنگانی ئەمشەو کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، لە رانییە راگەیاندرا و بڕیارە سبەینێش تەرمەکەی لە ناحیەی سەرکەپکان بەخاک بسپێردرێت.
