پۆلیسی ڕاپەرین لەبارەی کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، شەوی رابردو نیاز دەرگەڵەیی لە روداوێکی نادیاردا گیانی لەدەستداوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
لە بەیاننامەکەی پۆلیسی ڕاپەڕیندا هاتووە،: "کاتژمێر ١٠ی شەوی ١٨ /٨ /٢٠٢٣ تەرمی هاوڵاتی (نیاز جلال بەگ) ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە. تەرمی ناوبراو گەیەندرایە پزیشکی دادی ڕانیە و پشکنین بۆ تەرمی ناوبراو ئەنجامدرا و دەرکەوت شوێنەواری ٣ فیشەک بەجەستەیەوە هەیە."
پۆلیسی ڕاپەڕین دەشڵێت، بە ووتەی کەسوکاری، ڕوداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو لە ڕانیە سەر ڕێگای سەرەکی قورەگۆ بۆ پشوو سەردانی باغەکەی کردووە و لە ئەنجامدا لە ڕووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستوەتەڕ،ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
هاوکات ،باڵا دەرگەڵەیی، برازای نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، رایگەیاند نیاز دەرگەڵەیی ئەمشەو لە باخەکەی خۆی بووە و خێزانەکەی رۆشتووە بۆ "باخەکەی ماڵی باوکی کە بەرامبەر باخەکەی خۆیانە و کاتێك خێزانی هاتووەتەوە، روداوەکە رویداوە" و نیاز دەرگەڵەیی کوژراوە و روداوەکە لە دوای کاتژمێر هەشت بووە.
باڵا دەرگەڵەیی دەشڵێت، پزیشکی دادی رانییە پێی راگەیاندوون کە سێ فیشەک بە سەری مامییەوە نراوە و دوو فیشەک بەر تەوقە سەری کەوتووە و فیشەکێکیش بە ناوچاوانی.
هەروەها برزاکەی نیاز دەرگەڵەیی باس لەوەش دەکات کە بنەماڵەکەیان هیچ ململانێییەکیان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک نییە و "پێویستە ئێمە چۆن بە گرنگییەوە لەم کەیسە دەڕوانین، یەکێتی نیشتمانیش بە گرنگییەوە لێی بڕوانێت و بە پەرۆش بن بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکە."
