بافڵ تاڵەبانی: شەهیدکردنی نیاز دەرگەڵەیی گوماناوییەو بەزوویی بکوژەکان ئاشکرا بکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، شەهیدکردنی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی لە دڵەوە نیگەرانیکردون و هەمو لایەنە ئەمنییەکانیش راسپێردراون بەزوترینکات تاوانباران ئاشکرا بکەن و روبەڕوی دادگا بکرێنەوە.
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی، رایگەیاند، "شەهیدکردنی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی لە دڵەوە نیگەرانیکردین، بۆ ئەم خەمە قوڵە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی دەکەم کە نمونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان".
لە پەیامەکەیدا هاتووە،" شەھیدکردنیشی لە رووداوێکی گوماناویدا مایەی نیگەرانی ئێمەیە و ھەموو لایەنە ئەمنییەکانیش راسپێردراون بەزووترین کات تاوانباران ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە".
نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین درەنگانی شەوی رابردو لە روداوێکدا لە باخەکەی خۆیدا بە سێ فیشەک تیرۆرکرا.
هاوکات برازایەکی نیاز دەرگەڵەیی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، رایگەیاند، "ئەم روداوە ئاسایی نییە و بەپێی ئەوەی کە ئێمە بینیومانە و پزیشکانی پزیشکی دادی رانیە تەشخیسیان کردوە، کردەوەکە تیرۆریستییە، شوێنی سێ گوللە بەسەرییەوە دیارە، مردنێکی ئاسایی نیە، ئەو تەفیسرانەی دیکە کە بۆی دەکرێن، هیچیان راست نین، بەڵکو راپۆرتی پزیشکی دەڵێت، شوێنی سێ گولە بەسەریەوە دیارە".
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا ئەوان هۆکاری روداوەکە نازانن، بەڵام دۆسیەکە کەوتوەتە دەستی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین و ئەوان لێکۆڵینەوە دەکەن.
