وتەبێژی وەزارەتی دارایی: داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم مانگە 321 ملیار دینار بۆ موچە کورتهێنان هەبوە کە لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە و داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نیە.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە گوتی: "لە مانگی رابردوودا 321 ملیار دینار کورتهێنان لە پارەی مووچە هەبوو، لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، چونکە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک جەرجی مانگانەیە".
وتیشی: "هەموو ئەو داتایانەمان داوە بە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هیوادارین حکومەتی عێراق پابەند بێت بە یاسای بودجە و مانگانە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە خاڵە سنوریەکانی عێراق پابەندنابن بە رەسمی گومرگی یەکگرتو، ئەوەش وایکردوە هەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەشێک لە خاڵە سنوریەکان کەمببێتەوە و هەندێکجار وایکردوە بازرگانان پەنا بەرن بۆ ئەو خاڵە سنوریانە و کاڵاکانیان لەوێوە داخڵ دەکەن لەبەرئەوەی باج و رسوماتی کەمترە.
ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی ئەو چاکسازیانەی کە ئەوان لە گومرگ و خاڵە سنوریەکان کردویانە توانیویانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەهاوکاری وەزارەتە پەیوەنیدەکارەکان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتی هەرێم لە نێوان ساڵی 2019 تا 2022 نزیکەی دو ترلیۆن و 500 ملیار دینار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی زیادبوە لەگەڵ تێکڕای وڵاتان کە بەشێکی ئەو ژمارەیە بەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "هەموو ژمارە و داتاکان روونن و لای حکومەتی عێراق هەیە، بۆیە پێویستە لەم مانگەوە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەکاتی خۆیدا رەوانە بکات".
