هاوڵاتی زانیاری نوێ لەبارەی دۆخی تەندروستی گۆهدار زێباری دەخاتەڕوو

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەسوکاری گۆهدار زێباری هۆشداری دەدەن کە دۆخی تەندروستی گۆهدار "زۆر خراپە" و هیچ کەسێکیش لە ناو زینداندا بەهانایەوە ناچێت.

بڕیاربوو گۆهدار زێباری لە هەفتەی رابردوو ئازاد بکرێت دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، بەڵام بەپێی وتەی پارێزەری سزادراوانی بادینان، دۆسیەیەکی "تری بۆ کراوەتەوە" لەسەر هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت "لە کاتێکدا ئەو چەکە بەکاردەهێنرێت بۆ راوکردن چونکە لە جۆری تاپڕە و چەکی بێ مۆڵەت نییە."

بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد نەکراوە، گۆهدار زێباری ماوەی چەند رۆژێکە مانگرتنی راگەیاندووە.

زێدان زێباری، برای گۆهدار لەسەر دۆخی تەندروستی گۆهدار بە هاوڵاتی راگەیاند، "زانیاریمان پێ گەیشتووە کە رەوشی تەندروستی گوهدار زێباری لە ئاسایشی گشتی هەولێر زۆر ناجێگیرە، گۆهدار لە مانگرتندایە و هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بۆ نەچووە و لایەنی پەیوەنددار تا ئێستا بە دەنگییەوە نەچووە."

زێدان زێباری دەشڵێت، "فشارێکی زۆر لە گۆهدار کراوە مان گرتنەکەی بشکێنێ و دەستهەڵگرێت، بەڵام ئەو بەردەوامە لەمانگرتن تا ئازادبوونی، لەئێستادا گوهدار زێباری لە هۆڵیکدایە کە 160 کەسی تێدایە و بارودۆخی لەناو زینداندا زۆر مەترسیدارە."

کەسوکاری گۆهدار داوا لە  لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کونسوڵخانە و لایەنە نێودەوڵەتیەکان دەکەن بەزوترین کات بە هانای گوهدار زێباریەوە بچن چونکە دۆخی تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێت و "هەر حالەتێکی نەخوازراو رووبدا دۆخی تەندروستی  گۆهدار زێباری لە ئەستۆی دەزگای ئاسايشی گشتی هەولێرە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار