سەعدی پیرە: کۆنگرەی یەکیتی بکەوێتە دوای هەڵبژاردن کێشەیە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، لە ئێستادا دۆخی ناو یەکێتی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە و ئەگەر دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردن کیشەیان بۆ دروست دەبێت، دەشڵێت، "پێش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت کۆمان دەکاتەوە."
سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی پێنجی حیزبەکەی رایگەیاند، "دۆخەکە گونجاوە بۆ کۆنگرە و گۆڕانکارییەکان، چونکە پەیوەندی نێوان هەڤاڵانمان تۆکمە و پتەوە."
یەکێتی لە مانگی کانونی یەکەمی 2019 کۆنگرەی چوارەمی بەست کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران، بەڵام دوای روداوەکانی 8ی تەمموزی 2021، سیستەمی هاوسەرۆکی لابرا و بەرپرسانی یەکێتی رایانگەیاند کە ئەو سیستەمە شکستخواردووە و لە ئێستادا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حیزبەکەیە.
بڕیارە لە مانگی کانونی یەکەمی 2023، یەکێتی کۆنگرەی پێنجەمی ببەستێت و لەوبارەیەوە سەعدی پیرە دەڵێت، "ئەگەر کۆنگرە پێش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەبێت سودی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و کۆمان بکاتەوە. گەر بخرێتە دوای هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبین، رەنگە لە کۆنگرە کێشەمان بۆ دروست ببێت."
دوای چەندین جار دواخستنی هەڵبژاردن بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتییەوە، لە دوا بڕیاردا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 25ی مانگی شوباتی 2024ی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

