یەکێتی کاتی کۆنگرەی پێنجەمی دیاریکرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری کەرکوک کۆبویەوە و بڕیاردرا رۆژی 27ی مانگی داهاتوو کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە ببەسترێت.
لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی 27ی 9ی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت."
دەقی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک:
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی دەربارەی کۆی کێشە سیاسییەکان بەرچاوڕوونیدا و رایگەیاند، یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێم و بەغداد لەپێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سوورە و بەهەمووشێوەیەک داکۆکی لێدەکەین.
سەرۆک بافڵ بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە، هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان کرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە کردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی نەگۆڕمان لەخزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین.
کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەکرا و وەک ئیستحقاقی حزبی، دیموکراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٣ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.

