هێزە ئەمنییەکانی ئێران 15 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیردەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەماوەی سێ رۆژدا بە پاساوی نادیار 15 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر دەکەن و تا ئێستاش چارەنوسیان دیار نییە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردپا لە رۆژانی 14، 15 و 16ی ئاب، 15 هاوڵاتی کورد لە شارەکانی، شنۆ ، مەهاباد، پیرانشار و پاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
بە پێی زانیارییەکان حەوت کەس لە دەستگیرکراوەکان خەڵکی مەهاباد و چوارکەسیان خەڵکی شنۆ و سێ کەسیان خەڵکی پیرانشار و کەسێکیشیان خەڵکی پاوەیە.
هەروەها ئەوەش هاتووە ئەم ١٥ هاوڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی 13 کەسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناشزانرێت بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون.
دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتیانە لەکاتێکدایە کە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران کە بە "شۆرشی ژینا" ناسراوە نزیک دەبێتەوە.

