پۆلیسی راپەڕین: تەرمی ئەو کچەی دۆزرایەوە رەوانەی سلێمانی دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند تەرمی ئەو کچەی دۆزراوەتەوە لە دەربەندی رانییە شێوێندراوە و بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەوەی شێوازی مردنەکەی چۆن بووە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە، کەسوکارەکەشی دەڵێن، "گومانمان لە کەس نییە و کچەکەمان نەخۆشی دەروونی هەبووە."
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند تەرمێکیان دۆزیەوەتەوە لە دەربەندی رانییە کە ئافرەتە و تەمەنی 26 ساڵە، لە ئێستاشدا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە بۆ چۆنیەتی شیوازی مردنی، بەهۆی ئەوەی تەرمەکەی "شێواوە" و هۆکاری مردنەکەی نازانرێت.
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین وتیشی، پزیشکی دادی راپەڕین ناتوانێت هۆکاری مردنەکەی بزانێت کە ئایا کردوەکە "خۆکوژییە یان کوژراوە" بۆیە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە بۆ لێکۆڵینەوە.
هاوکات کەسوکاری کچەکە رایانگەیاند، لە رۆژی هەیینییەوە کچەکەیان بێسەروشوێن بووە و "نەخۆشی دەروونی هەبووە"، بۆیە ئەوان گومانیان لە کەس نییە.
کەسوکارەکەی دەشڵێن، "هەفتەیەک لەمەوبەر کچەکەمان سەردانی نەخۆشخانەی دەروونی کردووە، دیارە رۆشتووە بۆ دەربەندی رانییە تا خۆی بکوژێت، لە کامێراکانی چاودێری دیارە کە خۆی رۆشتووە."

