سێ ئەندامى یەک خێزان لە ئاوى زێی گەورەدا خنکان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ سێ کەس لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تەرمی هەرسێکیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی قەزای خەباتەوە دەرهێنراون.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە ئاوی زێی گەورە لە قەزای خەبات و بە دیاریکراوی لە نزیک پردی کۆنی قەزاکە سێ کەس، کە باوکێک و برازاکەی و کوڕێکی پیاوەکە لە ئاودا خنکان."

وتیشی، "دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانمان، تیمی ژێردەریاوانیی قەزای خەبات توانییان هەر سێ تەرمەکە دەربهێنن کە بەپێی زانیارییەکان یەک لەدوای یەکتر خنکاون لەو کاتەی ویستوویانە یەکتر رزگار بکەن."

ئەوەشی رونكردەوە، ئەو كەسانەی كە خنكاون (بەختیار كەریم تەمەن 28 ساڵ، بنیامین بەختیار تەمەن شەش ساڵ، كەژاڵ هەژار كەریم تەمەن 17 ساڵ) بون، روداوەكەش بەو جۆرە بوە سەرەتا بنیامین بەختیاری تەمەن شەش ساڵ كەوتۆتە ناو ئاوەكەوە، پاشان ئەوانی دیكە هەوڵیانداوە دەری بهێنن، بەلام هەرسێكیان خنكاون، لەئێستاشدا تەرمەكانیان لە نەخۆشخانەی قەزای خەباتە".

بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی 10ـی ئەم مانەگە 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانییانەوە لە ئاودا خنکاون، زۆرترین خنکان لە ئاو لە پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆک، دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دێن. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار