وەزارەتی کارەبا: بەھۆی سیستمی پریپەیدەوە 320 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی کارەبای ھەرێم بڵاویکردەوە، نرخی کارەبا لە گەڕەکەکان ئاساییە و سیستمی پریپەید تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان و کارەباکەیان بە نرخی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان کارەبای 55 هەزار بەشداربوو کراونەتە پریپەید، کە 40 هەزاریان هاوبەشی بەرزەنرخن (های کۆست)، پێنج هەزاریان هاوبەشی نزمەنرخن (لۆوکۆست)، 10 هەزاریشیان هاوبەشی بازرگانیین.
دەشڵێت،" ئەم سیستەمە تەنیا لە 19 (سیتیی) شاری هەولێر، بارقورسیی کارەبای لە 34 مێگاواتەوە بۆ 27 مێگاوات دابەزاندووە، لە 25 هەزار بەشداربوو، حەوت هەزار سەرپێچی کارەبا بنبڕ کراون. بە هۆی کارەبای 24 کاتژمێری پریپەیدەوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 320 موەلیدە لە کارکردن وەستێنراون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پاککردنەوەی ژینگە هەبووە."
ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی سیستمی پریپەیدەوە، نرخی کارەبا لەنێوان ٣٠% بۆ ٤٠% لەسەر ھاووڵاتیان ھەرزانتر دەکەوێت.
سەبارەت بە گەڕەکەکانیش وتی، بەرزەنرخ تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان و کارەباکەیان بە نرخی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە گەڕەکە ئاساییەکان ھەر بە نرخی ئێستا دەبێت و تەنیا شێوازی پارەدانەکەی پێشوەختە دەبێت.

