هەنگاو: لە هەفتەیەکدا 35 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردەوە تەنها لە هەفتەی رابردوودا 35 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و هەرەشەیان لێکرااوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵرۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نزیک دەبێتەوە.
بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی هەنگاو لە رۆژی چوارشەممە 16ی ئابەوە تا 22ی ئابی 2023، 35 کەس لە ناوچەجیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.
ماڵپەرەکە دەشلێت، ژمارەیەکی زۆریش لە هاوڵاتییان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێز و بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەند و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە، فشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سەرجەم توێژ و چینەکان پەرەیسەندووەو حکومەتی ئێران دەیەوێت رێ لەسەرهەڵدانەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە بگرێت.

