هاکان فیدان: پەکەکە لە عێراق و هەرێم پاکدەکەینەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە کۆبونەوەکەیان باسی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"یان کردووە، دەشلێت،  "بەتەواوی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق پاکدەکەینەوە."

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنیدا مەسرور بارزانی و هاکان فیدان ناوەرۆکی کۆبونەوەکەیان خستەڕوو و سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەبارەی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و بەتایبەتی هەرێم و ئەنقەرە گفتوگۆیان کردوە و هەروەها باسیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دۆسیەی ئەمنی کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە هەرێم پابەند دەبێت بە پاراستنی خاکەکەی کە نەبێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان.

هاوکات هاکان فیدان لە کۆنگرەکەدا باسی لەوە کرد، لەسەر چەندین بابەت قسەیان کردووە، لەوانە باسی بابەتی "تیرۆر و وزە و سامانی ئاو و ئابوری و بازرگانی"  و چەند بابەتێکی تر.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، هەولێر شارێکی ئارام و سەقامگیرە و "هیوادارین سەقامگیری لە شارەکە بەردەوام بێت و ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ بەردەوامی دان لە سەقامگیرکردنی هەولێر."

هاکان فیدان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە یامەرتی داون "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگیان بۆ رووبەروبونەوەی تیرۆر."

لەکۆتایی قسەکانیدا هاکان فیدان وتی،  "بەرێژەیەکی زۆر  چارەسەری بابەتی تیرۆرمان کردووە و لەئێستادا پەکەکە لە عێراق خۆی دەشارێتەوە و بەتەواوی لە عێراق پاکیان دەکەینەوە، لەگەڵ هەرێم و حکومەتی عێراق لە پاککردنەوەی پەکەکە زۆر پێداگربووین و بەردەوام دەبین و پاڵپستی تەواویشیان پێدەدەین."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار