ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەڵمەتێكی لەژێر ناوی (ڕێوشوێنی بەپەلە) بۆ زیندانیانی بادینان راگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی لەژێر ناوی (URGENT ACTION، ڕێوشوێنی بەپەلە) بۆ زیندانیانی بادینان راگەیاند، كە ھەموو بەرگریكارانی مافی مرۆڤ بانگ دەكات بۆ پشتیوانی لە ئازادكردنی شێروان شێروانی و گوھدار زێباری و زیندانیانی بادینان.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی یەكەم راگەیەندراویان ئاراستەی حكومەتی ھەرێم كردووە بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان ، هاوکات ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت: ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی ماوەی زیندانی زیاد دەبنەوە و دەبێت بەزوویی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ئازاد بكەن.
لە ڕاگەیەندراوی ڕێخراوەکەدا هاتووە "ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ەوە دوای دادگاییكردنێكی نادادپەروەرانە لە هەرێمی كوردستان زیندانیكراون، ڕووبەڕووی تۆمەتی نوێی ساختە دەبنەوە. بڕیاربوو گوهدار زێباری لە ١٦ی ئاب ئازاد بكرێت، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا ئاگاداركرایەوە كە بە تاوانێكی دیكە تۆمەتبار كراوە. بڕیاربوو شێروان شێروانی لە ٩ی ئەیلول ئازاد بكرێت، بەڵام لە ٢٠ی تەمموزدا دادگا سزای چوار ساڵی دیكەی زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند".
ئاماژە بەوەشدەكات "ئەو ڕۆژنامەنووسانە سەرەتا لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ لەگەڵ سێ چالاكوان لەلایەن دادگای تاوانەكانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندان سزادرابوون. ئەو سێ چالاكوانە لە 16ی ئاداری 2023 ئازاد كراون، دەبێت بەخێرایی گوھدار زێباری و شێروان ئازاد بكرێن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێداچونەوەی بە دۆسییەی ڕۆژنامەنوسا نی بادیناندا کردۆتەوە کە تیایدا هەر پێنجیان بە تۆمەتی زیندانیکردن سزا دراون بە پێی بڕگەکانی ماددەی ۱ی یاسای ژمارە ۲۱ی ساڵی ۲۰۰۳ کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و ماددەکانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969. و دەڵێن، بە پیی پیداچونەوەکان ئەم یاسایانە زمانێکی نادیاریان تێدایە کە بە شێوەیەکی نادیار پێناسەکراون کە ڕێگە بە لێپێچینەوە زیادەکان دەدات کە لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا پێناسە ناکرێن.
ئەو ڕێکخراوە ھەموو بەرگریكارانی مافی مرۆڤ بانگ دەكات بۆ پشتیوانی لە ئازادكردنی شێروان شێروانی و گوھدار زێباری و زیندانیانی بادینان.
