لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی: یەکێتی قۆناغی داکشانی خۆی تێپەڕاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی لەسەر کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی وتارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەم کۆنگرەیە "دەبێتە کۆنگرەی بنیاتنانەوەی یەکێتی و تێپەڕاندی ئاستەنگەکان"، دەشڵێت، یەکێتی لە کۆنگرەی ئەم جارە قۆناغی داکشانی خۆی تێدەپەڕێنێت.
سەرکەوت زەکی لە وتارکەیدا سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەڵێت، "پێدەچێت ساڵی 2023 ساڵی وەرچەرخان و بنیاتنانەوە گرنگەکانی یەکێتی بن، نەک بڕیاردان بگرە تەنها بیرکردنەوەش لەبەستنی پێنجەمین کۆنگرە، دەربڕینی بوێرییەکی شۆڕشگێڕانەی یەکێتییانەیە، هەمان ئەو بوێری و ئازایەتیەیە کە سەرۆک مام جەلال لە ڕۆژانی هەرەسدا یەکێتی پێ دروستکردو و هەمان ئەو هزر و نەترسیەیە کە شۆڕشێکی نوێی پێ هەڵگیرساند."
لەسەر بڕیاری بەستنی کۆنگرەی لە بڕیارە لە 27ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، سەرکەوت زەکی دەڵێت، "بڕیاری بەستنی کۆنگرە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بوێرییەکانی چرکە ساتەکانی بڕیاردان له دامەزراندنی (ی.ن.ک) و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ."
لە کۆتایی وتارەکەشیدا، لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی باس لەوە دەکات، "هەموو پێشبینی و خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن ئەم کۆنگرەیە دەبێتە کۆنگرەی بنیاتنانەوەی یەکێتی و دەبێته هێمای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ناوخۆیی و ڕوکردنەوە خەڵک و جەماوەر، ئیتر بەهەمو لایەک دەڵێت یەکێتی قۆناغی داکشانی خۆی تێپەڕاند، هەرچەندە ئەوە دو ساڵێکە لەسەر ڕاستە ڕێگاکە هەنگاو دەنێت، بەڵام هەنگاوەکانی هەستانەوە و ڕو لە هەوراز کردن و سەرکەوتنەوەی خۆی بەم کۆنگرەیە خێراتر دەکات، پێکەوە بنیاتنانەوە و هەستانەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک دەست پێدەکاتەوە".
