بنەماڵەی وەستا حەسەن: گیانلەدەستدانی وەستا حەسەن قەزاوقەدەر بووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی لە شاری سلێمانی لەسەر گیانلەدەستدانی روونکردنەوەیاندا و رایانگەیاند، هەموو دەنگۆکان رەتدەکەنەوە کە وەستا حەسەن کوژرابێت و هیچ کێشەیەکیشی نەبووە، بەڵکو رووداوەکە "قەزاوقەدەر" بووە. 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی رایانگەیاند کە وەستا حەسەن هێچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە و ناکۆکی کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو "روداوەکە تەنها قەزاوقەدەرە." 

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ خۆی کوشتبێت، ئەوان دەڵێن، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و ئێمە تەنها گوێمان لە تەقە بووە، ئیتر نازانین فیشەکی بەخۆیەوە ناوە یان پێوەی نراوە، ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە کە رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکەی دەردەچێت."

هاوکات باسیشیان لەوە کرد کە "باری دارایی وەستا حەسەن باش بووە و بەیانی هەیینی نوێژی بەیانی کردووە و ویستوویەتی کوڕەکانی هەستێنێت بچنە سەر کار."

یەکێک لە کوڕەکانیشی باسی لەوە کرد کە "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ باوکیان نەبووە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە ئەوترێت بەهۆی کێشەی لەگەڵ کوڕەکانی خۆی کوشتووە." 

بەیانی رۆژی هەیینی 25ی ئابی 2023، وەستا حەسەن لە ماڵەکەی خۆی لە  سیتەک لە سلێمانی گیانیلەدەستدا. دوای توێکاری بۆ جەستەکەی، پزیشکی داد رایگەیاند کە فیشەکێک بەر سەری کەوتووە، بەرێوبەریاتی پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند کە گومان دەکرێت کارەکە "خۆکوژی بێت."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار